بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانان (٢٨ی ئاگۆست) کۆڵبەرێک بە ناوی ئاراز (ئاراس) محەممەدپوور دوای ٥ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە ٣٢ ساڵەیە کە باوکی دوو منداڵ و خەڵکی سەردەشتە، لە ڕێکەوتی ١ی خەرماناندا (٢٣ی ئاگۆست) بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بریندار ببوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا لانیکەم ٦ کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەری تریش لە کاتی کۆڵبەری لەم ناوچە سنوورییانەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بوون.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران مانگی ڕابردوو و لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».