دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی فارووق عەزیزی و حەبیب محەممەدی لە ئەنجامی دەسرێژ و ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و سەوڵاوا بریندار بوون. هەروەها ئەم هێزانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە هێرشیان کردووەتە سەر تەوێڵەی هەندێ لە دانیشتووانی گوندەکان و ژمارەیەک لە ئاژەڵە باربەرەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان و لەوێ دەسرێژیان لێ کردوون و کوشتوویانن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٨ی گوڵان (١٨ی مەی) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «مێرگەدرێژ»ی پیرانشار کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی فارووق عەزیزی بە قورسی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە ٤٣ ساڵەیە کە باوکی سێ منداڵ و خەڵکی پیرانشارە، لە لایەن هاوڕێ کۆڵبەرەکانیەوە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە شاری سۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوانیش بە ناوی حەبیب محەممەدی لە ناوچەی سنووریی «تەتە»ی هەورامان لە کاتی ڕاوەدووناندا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە، لە بەرزاییەوە داکەوتووە و بریندار بووە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوو و لەم ناوچە سنوورییەدا، بە سەدان کۆڵبەر بەبێ ئەوەی دەستیان بە ئاو و خواردن بگات لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە گەمارۆ درابوون.

هەروەها هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە هێرشیان کردووەتە سەر تەوێڵەی دانیشتووانی گوندەکانی ئەم ناوچەیە و بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ، دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک لە ئاژەڵە باربەرەکانیاندا و لە ناوچەی سفری سەرسنوور دەسرێژیان لێ کردوون و کوشتوویانن.