ئێوارەی دوێنێ ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی نەوسوودی پارێزگای کرماشان دەسڕێژیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا گوللەیەک بەر سەری یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی عیرفان مورادی کەوتووە و بە سەختی برینداری کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ هێزە سنوورپارێزەکان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە بووەتە هۆی برینداربوونی سەختی عیرفان مورادی.
دەوترێت دۆخی تەندروستیی ئەم کۆڵبەرە کە لەبەر سەختبوونی برینەکانی گوازراوەتەوە بۆ بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، زۆر خراپ و ناجێگیرە.

عیرفان مورادی خەڵکی جوانڕۆ و باوکی ٣ منداڵە.

پێشتر و لە ئێوارەی ٦ی گەڵاڕێزانیشدا (٢٨ی ئۆکتۆبەر) هەر لەم ناوچەیە ١٤ کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بە دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار ببوون.