ڕۆژی ڕابردوو منداڵێکی ١٠ ساڵانی خەڵکی کرماشان و هاووڵاتییەکی تری خەڵکی سەقز بە ناوی ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی لە ناوچە سنوورییەکانی دێلوڕانی پارێزگای ئیلام و پێنجوێنی هەرێمی کوردستان بە تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە.

فەرماندەی ئینتیزامیی شاری دێلوڕان لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ڕای گەیاند: «منداڵێکی ١٠ ساڵانی خێڵە کۆچەرییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی دەوروبەری ئەبووغورەیری شاری دێلوڕان خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵ بووە کە ئاژەڵەکان بەسەر مینێکی دژەنەفەردا کەوتوون و پرشەی تەقینەوەکە بەر سنگی منداڵەکە کەوتووە».

بە وتەی ناوبراو: «دوای تەقینەوەکە، منداڵە بریندارەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان ڕەوانەی دەرمانگەی دەشتی عەباسی شاری دێلوڕان کراوە، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکان گیانی لەدەست داوە».

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٥ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی ٣٩ ساڵانی خەڵکی سەقز بە ناوی ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵدا لە گوندێکی شاری پێنجوێنی هەرێمی کوردستان، بە تەقینەوەی مین گیانی لەدەست داوە. ئەم هاووڵاتییە لە چەند ساڵ لەمەوپێشەوە لە گوندەکانی شاری سنووریی پێنجوێن خەریکی شوانی بووە.