ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەختەر خانم مورادی، خەڵکی گوندی «گۆڕسفید»ی شاری گەیڵانی کرماشان کە بە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵێک تەقەمەنیی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە بریندار ببوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە کوردە کە ئاسنەکۆنەی کۆ دەکردەوە، ڕۆژی شەممە ١ی گوڵان (٢٠ی ئاوریل) بە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵێک تەقەمەنیی پاشماوەی شەڕەوە بە سەختی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی «ئەلزەهرا»ی گیەڵان گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٢ کەس لە پارێزگای کرماشان و هاووڵاتییەکی خەڵکی بانەیش لە هەرێمی کوردستان بە تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە. لانیکەم ١٢ کەسیش کە دوانیان منداڵ بوون، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بریندار بوون یان ئەندامی جەستەیان پەڕیوە.

هەندێ لەم مین و تەقەمەنییانە پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق و هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (هەشتاکانی زایینی) بوون و هەندێکیشیان لە مانۆڕە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەم ساڵانەی دواییدا بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لە ناوچەکەدا چێنراون.