بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هۆشیار بابایی، ڕۆژنامەوان و خاوەن ئیمتیازی حەفتەنامەی «دەنگی کوردستان» لە سنە، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی خەرمانان (١٨ی سێپتامبەر) لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگهێشت کراوە و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەسەر چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خراوەتە بەر لێپرسینەوە.

هاوکارانی حەفتەنامەی «دەنگی کوردستان» کە لە ٨ ساڵ لەمەوپێشەوە لەسەر هەندێ بابەتی وەک خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژیی دژ بە ژنان، کۆڵبەران، منداڵانی کار و قوربانیانی مین لە کوردستاندا کار دەکەن، چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە و دەستبەسەر کراون.