ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ڕەوف ئەحمەدی و جەبار ئەحمەدزادە لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس) بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانی «بوڵفەت»ی سەردەشت، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ڕەوف ئەحمەدی، ٣٩ ساڵان و خەڵکی گوندی «زۆران» و جەبار ئەحمەدزادە، ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «کونەمشکە» بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی سەردەشت کراون و دەوترێت بەشێک لە قاچێکی ڕەوف ئەحمەدی پەڕیوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٤) چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەعفەر فەرەجی، عەلی زەرغامی، محەممەد گەنجە و عەتا حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە، پیرانشار و نەوسوودی کرماشان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ڕەحیم محەممەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەیشی لەسەر شاخێکەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوو کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئارام مەنووچێهری و سەیوان باتر کە خەڵکی مەریوان بوون، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.