تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە لە بەندی ئەمنی زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی کرێکاری. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەرداندا (١٣ی ژوەن) دوابەدوای ئەوەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی پشووی کاتی بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو، ڕەوانەی بەندی ئەمن کرابوو.

دەوترێت ئەم زیندانییە سیاسییە دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ هاوکاریکردن و بەدواداچوونی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

بەندی کرێکاری بە تەواوی بێبەشە لە هەرچەشنە ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکی بژێوی ئاسایی و تەندروستی و دوور لە بەندەکانی تر و لە حەوشەی ناوەندیی زیندانەکەدا هەڵکەوتووە. ئەم بەندە زیاتر شوێنی ڕاگرتنی زیندانییانی تۆمەتبار بە تاوانە قورسەکانی مادە هۆشبەرەکانە. زیندانییانی ئەم بەندە بە شێوەی ئاسایی هەموو حەفتەیەک دوو ڕۆژ مۆڵەتی پشووی کاتییان پێ دەدرێت. ئەم بەندە تەنها ١٥٠ کەسی تێدا جێ دەبێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە هەڵکشاوە بۆ ٤٠٠ کەس و ئەنجامدانی هەموو کارێکی خزمەتگوزاری و چاککردنەوەی وەک چێشتلێنان و چاککردنەوەی ئامێرەکان و کاروباری بیناسازی و… خراوەتە ئەستۆی خودی بەندکراوانی ناو ئەم بەندە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، نایب (مەسعوود) حاجیپوور، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

ئەم زیندانییانە دوای ساڵێک نادیاربوونی دۆخەکەیان لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکردنی لە لایەن تۆمەتبارەکانەوە و بەپێی یاسا کەم کرایەوە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی دۆخەکەیان، گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕەچاونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت.