بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) سینا مینایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «سوجە»ی شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵدا (٣١ی جولای ٢٠٢٢) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی ڕەزایی بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢١) لەگەڵ هاووڵاتییەکی کوردی دیکەدا بە ناوی عەبدوڵڵا یووسفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتیە لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١) پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.