لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای ٤ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوی فەرزانە سەیدی لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدراوە بۆ ٢ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٢٥ میلیۆن تمەن غەرامە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەرزانە سەیدی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلام لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەردا (١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی و دادگای کەیفەریی ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکیی وڵات»، «تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە گشتی سزای ٤ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران، ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران و لێسەندنەوەی پاسپۆرتی بەسەردا سەپێنرا.

ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلامدا گۆڕدراوە بۆ ٢ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، ٢٥ میلیۆن تمەن غەرامە، ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران و لێسەندنەوەی پاسپۆرت.