سزای ٦٢ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای ٦٢ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی ئەم نووسەرە کوردە لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، ٣٩ مانگی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم چالاکەی بواری مافە زمانی و ئەتنیکییەکان، پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سارییەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ٣٩ مانگ، ١٥ مانگ و ڕۆژێک و ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. هەروەها تۆمەتی «افساد فی‌الارض»یشی لەسەر لاچووبوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کرا.

موژگان کاووسی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائیمشەهر ئازاد کرا. ئەم توێژەرە کوردە پێشتر لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (ژانڤییەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ مانگ زیندانیبوون لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.