چوار مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی مامۆستا شەریف مەحموودپوور، مامۆستا یوونس نەوخاە، مامۆستا سەیدجەمالەدین واژی و مامۆستا سەیدسلێمان ئەحمەدی لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێوە بە گشتی سزای ١١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز (١٤ی دیسامبەر) ئەم چوار مامۆستا ئایینییە بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێ کراون و ئەم حوکمەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێ تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «شێواندنی ڕای گشتی»ی ڕووبەڕووی ئەم مامۆستایانە کردووەتەوە. بەپێی حوکمەکە، مامۆستا سەیدسلێمان ئەحمەدی، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، سزای ٤ ساڵ بەندکران، مامۆستا یوونس نەوخاە، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، سزای ٣ ساڵ بەندکران، مامۆستا سەیدجەمالەدین واژی، مامۆستای ئایینی و کوڕی مامۆستا سەیدنوورەدین واژی لە زانایانی ئایینیی کورد، سزای ٢ ساڵ بەندکران و مامۆستا شەریف مەحموودپوور، بەرنوێژی مزگەوتی ڕەسوولوڵڵای پسوێی پیرانشار، سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) ژمارەیەک لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی پیرانشار و دەوروبەر لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا وێڕای ئەوەی ڕایانگەیاندبوو ناوزەدکردنی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە «موحارەب» و «باغی» دوورە لە هەرچەشنە بنەمایەکی شەرعی و یاسایی، داوایان کردبوو سەرجەم دەستەسەرکراوان بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن و داوای لێبوردن لە خۆیان و بنەماڵەکانیان بکرێت و هەر زیانێکیان بەر کەوتووە قەرەبوو بکرێتەوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کۆبوونەوەکە و خوێندنەوەی بەیاننامەکە، لە ڕۆژانی ٣ و ٤ی ڕێبەنداندا (٢٣ و ٢٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) مامۆستا شەریف مەحموودپوور، مامۆستا یوونس نەوخاە، مامۆستا سەیدجەمالەدین واژی و مامۆستا سەیدسلێمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ئەم چوار مامۆستایە دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

مامۆستا یوونس نەوخاە پێشتر و لە بەفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی تەورێزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ڕیز سزای ٧ مانگ و ٢٥ ڕۆژ بەندکران، ٣٦ مانگ بەندکران و ١٥ مانگ بەندکران و هەروەها داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپابوو.