دوای تێپه‌ڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر گواستنه‌وه‌ی هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور بۆ شوێنێكی نادیار، هێشتا چاره‌نووسی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ناڕوونە و بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ هۆکاری گواستنەوە و شوێنی ڕاگرتنی نابراویان ڕانەگەێندووە. حوکمی ئێعدامی ئەم به‌ندكراوە سیاسییە کوردە، دوای ئه‌وه‌ی له لایه‌ن دیوانی باڵای ئێرانەوە په‌سه‌ند كرابوو، بۆ جێبەجێکردن نێردرایە بەردەم بەشی (ئیجرای ئەحکام)ی دادگای ورمێ.
بەردەوامبوونی دۆخی نادیاربوونی چاره‌نووسی ناوبراو بۆتە هۆی نیگه‌رانیی بنه‌ماڵەکەی و ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئێستا ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی ئه‌و سزایە لە ئارادایە.
له دوایین به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌ی عهبدوڵڵاپووردا، به‌رپرسانی زیندان و دادگا پێیان ڕاگه‌یاندوون كه ناوبراو له لایه‌ن سازمانی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە گواستراوه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی نادیار، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی ڕوون لە سەر ھۆکاری گواستنه‌وه و شوێنی ڕاگرتنی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه به بنه‌ماڵەکەی نەدراوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ورمێ به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند کە مەبەست لە گواستنه‌وه‌ی هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور له بەندیخانەی ورمێ، دوورخستنەوەیەتی بۆ یه‌كێك له گرتووخانه ئه‌منیه‌تییه‌كانی سپا له تاران.
دوابه‌دوای په‌سه‌ندكرانی سزای لەسێداەدان بۆ هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور، دوسییهكهی ڕه‌وانه‌ی كۆمیسیۆنی لێبوردن کراوە و تا كاتێك ئه‌نجامی ئه‌م داواكارییه ڕوون نه‌بێته‌وه، جێبه‌جێکردنی سزاكه هیچ بناغه‌یه‌كی یاسایی نابێ.
هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور، هاووڵاتیی شاری شنۆ له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا. ڕۆژی ١٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٥ی هه‌تاوی، دوای تێپه‌ڕبوونی ٥٠ ڕۆژ بە سەر تێكهه‌ڵچونی سپای پاسداران و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌دا له گوندی قه‌ره‌سه‌قه‌لی سه‌ر به شاری شنو، له لایه‌ن هێزه ئیتڵاعاتییه‌كانی سپاوە له شاری شنو ده‌ستبه‌سه‌ر کرا. ئینجا بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ورمێ خرایە ژێر قورسترین ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌ییەوە؛ ئەشکەنجەی وەک بەندکردن لە ژووری تاكه‌كه‌سیدا، شۆكی ئیلیكترۆنی، قامچی به كێبڵ و هەروەها هه‌ڵواسین.
هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور له ڕێكه‌وتی ٢٨ی به‌فرانباری ١٣٩٦یدا(١٧.٠٢.٢٠١٨) هه‌تاویدا له لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر “چابۆك” دادگایی كرا و به تۆمه‌تی (معاونت در بغی) و ئه‌ندامێتی له حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌دا سزای لەسێدارەدانی به‌سه‌ردا سه‌پا.
ئه‌م بڕیاره دوای تۆمارکردنی فەرمیی ناڕه‌زایه‌تی و داواکردنی پیاچوونەوە لە لایەن پارێزه‌ری دۆسییهكەوە، نێردرایه لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ئێران کە ئەم سەرچاوەیە بڕیارەکەی بە نادروست زانی و هەڵیوەشاندەوە، هەر بۆیە دۆسییه‌كه بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە دیسان نێردرایەوە بەردەم هه‌مان لقی دادگای ئینقلابی ورمێ. ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه سه‌رله‌نوێ له ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباری ١٣٩٦ی هه‌تاویدا(٠٩.٠٢.٢٠١٨) له لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ دادگایی كرایەوە و دووباره سزای لەسیدارەدانی به‌سه‌ردا سهپایەوە و ئه‌م جارە له هەمان لقی دیوانی باڵای ئێران‌دا په‌سه‌ند كرا.
شایانی باسە تۆمه‌تی (معاونت در بغی) یەکێکە لەو تۆمەتانەی لە سەرچاوە ئایینییەکانەوە وەرگیراوە و لە ڕیزی (حدود)ی ئیسلامیدایە و بۆ ئەو کەسانە بە کار دەهێنرێت کە هاوکاریی دژبەرانی دەوڵەتی ئێران بکەن کە خۆی بە دەوڵەتێکی ئیسلامی دەزانێت. سزای دیاریکراو بۆ ئەم تۆمەتە لە زیندانەوە تا لەسێدارەدانە و دادوەر سەرپشکە لە دیاریکردنی هەر ڕێژەیەکی سزاداندا.
ورمێ؛ چاره‌نووسی هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور، به‌ندكراوی سیاسیی مه‌حكووم به سێداره، هێشتا نادیارە
دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای میاندواو
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی موحسین قادرڕەش و ئومید...
زیاتر بخوێنەوەڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ئێران‌دا
لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە. دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە...
زیاتر بخوێنەوەلە هەمەدان زیندانییەک لە سێدارە درا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئەکرەم کەریمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ...
زیاتر بخوێنەوە