به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سامان كه‌ریمی، به‌ندكراوی سیاسیی كوردی مه‌حكووم به ئێعدام، مانگێك ده‌بێ دیسان ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه كراوەتەوە.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه خه‌ڵكی شاری بانه‌یه و به تۆمه‌تی هاوكاریکردن له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌دا، له دادگایەكی شاراوه و بێده‌نگییەکی تەواودا و دوور لە چاوی میدیاكان، نزیكه‌ی ٥ مانگ لەمەوپێش له لایه‌ن لقی یه‌كەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی سنه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر “سه‌عیدی”، سزای لەسێدارەدان و هەروەها ١٣ ساڵ زیندانیکردنی به سه‌ردا سه‌پاوه، ئه‌م حوكمه ئێستاکە له دادگای پێداچوونهوەدایه.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان تا هه‌نووكه نه‌یتوانیوه زانیارییەکی ته‌واو لەسەر تۆمه‌ته‌كان، چۆنێتیی ده‌ستبه‌سه‌ركردن، ڕەوتی دادگاییكردن و هه‌روه‌ها هۆکاری گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی سامان كه‌ریمی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌منیه‌تیی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنە به‌ده‌ست بهێنێ.