به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان بە ناوی پشتیوان ئەفسەر کە پێشتر لە خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو و حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای ئینقلابی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.
ئەم هاووڵاتییە لە بەرواری ٢٨ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو و لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سپا لە شاری سنە. ناوبراو دوای مانگێک لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
پشتیوان ئەفسەر لە کۆتایی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا» لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنەوە حوکمی ٩ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.