موستەفا حەمدی، چالاکی بواری ڕاگەیاندن و بەرپرسی کاناڵ و گرووپی تێلێگرامیی «پۆرسمان»، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) موستەفا حەمدی لە تەلاری میلادی شاری سەقزدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چالاکوانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

موستەفا حەمدی پێشتر و لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم چالاکەی بواری ڕاگەیاندن لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.