سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە کوردە بەم دواییانە لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە گشتی سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەمال لوتفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم هاووڵاتییە دادخوازە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەی لوتفی بۆ دامودەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی قوروە و دێولان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.

کەمال لوتفی چەند حەفتەیەک لەمەوپێش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری حکومەتی ئێران» سزای ٢ ساڵ و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) لە ئەگەری پەسەندکردنی حوکمەکەدا، سزای ٢ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای تانەدانی کەمال لوتفی لەو حوکمە، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان.

کەمال لوتفی یەکەم جار ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە شەقامێکی دێولاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی کامێران کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٨ی مەیی ٢٠٢٣) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوە لە زیندانی کامێراندا، بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک مانی لە خواردن گرت و دوای ٨٧ ڕۆژ بەندکران لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ جولایی ٢٠٢٣) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

لە کۆتاییەکانی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) ئەم باوکە دادخوازە بۆ کۆبوونەوەی دادگا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی دێولانەوە بانگهێشت کرابوو.

کەمال لوتفی باوکی ڕەزا لوتفییە کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ئەم لاوە کوردە، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کە کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفیی باوکی ڕەزا لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و بە ڕوونی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.