ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) شاکر بێهرووز، زیندانیی سیاسیی کورد کە دژ بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دادوەریی نوێ مانی لە خواردن گرتووە، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندییی ورمێ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. هاوکات کەیوان ڕەشۆزادە و ئەردەوان تەهووریان، دوو زیندانیی ساسیی کورد کە لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدان و مانیان لە خواردن گرتووە، لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە ئەشکەنجە دراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شاکر بێهرووز، زیندانیی سیاسیی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و ساڵی ڕابردوو ئەو حوکمە هەڵوەشابوویەوە، دژ بە کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە دادگای پیرانشاردا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەوە (١٨ی ئاوریل) مانی گرتووە و یەکسەر ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ئەگەرچی سزای لەسێدارەدانی شاکر بێهرووز کە بە تۆمەتی «بەغی» بەسەریدا سەپابوو هەڵوەشاوەتەوە و دوای وەرگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی سکاڵاکار سزای «قەساس»ـەکەیشی لەسەر لاچووە و هاوکات سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەیشی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» تەواو بووە، بەڵام بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات دۆسیەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسەوەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە پێیان ڕاگەیاندووە کە لە تێکهەڵچوونێکی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە ساڵی ١٣٩٦دا (٢٠١٧) بەشدار بووە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران. ئەگەرچی شاکر بێهرووز لە لێپرسینەوەکاندا تۆمەتەکەی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی پیرانشاردا دۆسیەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە و لە کاتێکدا کە چاوەڕێ دەکرد ئازاد بکرێت، کەچی بە بیانووی ئەو دۆسیە نوێیە لە زینداندا هێشتوویانەتەوە و ڕێگەیان بە ئازادکردنی نەداوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) هێزەکانی گاردی زیندان بە دەستووری پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە هێرشیان کردووەتە سەر بەشی ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانە و ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییە مانگرتووەکانیان، لەوانە کەیوان ڕەشۆزادە و ئەردەوان تەهووریان، ئەشکەنجە کردووە.

کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەوە (١٧ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ئەویش لە ڕۆژی پێنجشەممەوە و وەک ناڕەزیەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجەدران و هەروەها بێبەشکراندا لە مافی ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.

ئەردەوان تەهووریان، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٦٠ ساڵیش کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەوە (١٥ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە.