حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «حاتەم لە کاتی دەستبەسەربوونەوە بەدەست نەخۆشیی بەردی گورچیلەوە ئازار دەکێشێت و بە درێژایی ئەم ماوەیە بە دەیان جار داوای کردووە بنێردرێتە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان. دوابەدوای خراپبوونی دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە، نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کرا و سینۆگرافیی گورچیلەی بۆ ئەنجام درا. پزیشکانی نەخۆشخانە دوای لێکدانەوەی تاقیکارییەکان وتوویانە کە گورچیلەکانی چوار بەردیان تێدایە و یەک لە بەردەکان لە دەرگەی گورچیلەیدا گیری کردووە و دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای بۆچوون و ڕاسپاردەی پزیشکەکان، لەم دوو مانگەی ڕابردوودا بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون ناوبراو بۆ نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن: «حاتەم لەم ماوەیەدا تەنها بۆ سرەواندنی ئێش دەبرایە نەخۆشخانەکەی زیندان و دوای وەرگرتنی ئارامکەرەوە دەگەڕێنرایەوە بۆ ناو بەند».

حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی ژولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دوای دەستبەسەربوون گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ و لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا (١٩ی ئاگۆست) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمە ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای تانەدانی ناوبراو لەم حوکمە، دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کراوە.