تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان (٢٩ی مەی) هادی ڕوستەمی و مێهدی شاهیوەند، ئەو دوو زیندانییەی کە پێشتر بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست گواستنەوەیاندا لە زیندانی ورمێوە بۆ زیندانی تارانی گەورە، دەستیان داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن.

ئەم دوو زیندانییە نامەی مانگرتنەکەیان ڕادەستی پاسەوانیی تیپی یەکی هۆڵی دووی زیندانی تارانی گەورە کردووە و مانگرتی وشک لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.

لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵاندا (١٥ی مەی) هادی ڕوستەمی لەگەڵ دوو هاوبەندییەکەی تریدا بە ناوەکانی مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کران. پێشتر داواکاری گشتیی ورمێ بەم زیندانییانەی ڕاگەیاندبوو کە لەبەر نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەرسێکیان دەگوازرێنەوە بۆ تاران.

دوابەدوای گواستنەوەی ئەم سێ زیندانییە بۆ تاران دۆسیەکانیشیان ڕەوانەی بەردەم لقی ٣ی ئیجرای ئەحکامی تاوانەکانی تاران کراوە.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.

ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.

بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە لانیکەم ٦ زیندانی لە زیندانەکانی ورمێ و تاران بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مێهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مێهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.