تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی جۆزەردان (١٣ی ژوەن) زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پشووی کاتی، مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاندووە. دوابەدوای دەسپێکردنی مانگرتنەکەیش ئەم زیندانییە سیاسییە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، نایب (مەسعوود) حاجیپوور، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

ئەم زیندانییانە دوای ساڵێک نادیاربوونی دۆخەکەیان لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی دۆخەکەیان، گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕەچاونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت.