تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانەوە (١٣ی ژوەن) بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسییەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پشووی کاتی بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی دابووە مانگرتنی وشک لە خواردن، دوابەدوای دەسپێکردنی مانگرتنەکەی بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو. ناوبراو لەم ماوەیەدا مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، نایب (مەسعوود) حاجیپوور، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

ئەم زیندانییانە دوای ساڵێک نادیاربوونی دۆخەکەیان لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکردنی لە لایەن تۆمەتبارەکانەوە و بەپێی یاسا کەم کرایەوە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی دۆخەکەیان، گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕەچاونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت.