تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) ئەرکان پاڵانی جاف، زیندانیی مەزهەبیی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانەوە (١٠ی ژوەن) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بێبەشکردنیدا لە ئازادیی مەرجدار، پێنەدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاندووە، دوای لەسەرخۆچوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کراوە.

دەوترێت ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ماوەی ١٧ ڕۆژ مانگرتندا زیاتر لە ١٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە و زەختی خوێنیشی کەمتر لە ٩ ڕاگەیەنراوە. ئەم زیندانییە دوای چەند کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانەکە و وەرگرتنی سیرۆم، سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەرکان پاڵانی جاف کە مانگرتنەکەی بە دوورینەوەی لێوەکانی دەست پێ کرد، لە دوازدەهەم ڕۆژی مانگرتندا لە لایەن هێزەکانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسەوە.

ئەرکان پاڵانی جاف، هاووڵاتیی سوننەمەزهەبی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (٣ی سێپتامبری ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٣ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەکانی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران و مەیدانی نەفتی کرماشان، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا.

ناوبراو دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ داعشدا حوکمی ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بۆ بڕایەوە. ماوەیەک لەمەوپێش و دوابەدوای ڕەزامەندبوونی دادگا بە پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە مەزهەبییە کە لە پێنجەم ساڵی زیندانیبووندایە، بنەماڵەکەی بە چەندین تاپۆی گوندەوە سەردانی دادگای تارانیان کردووە، بەڵام دادگا هەرجارە و بە بیانوویەک خۆی دزیوەتەوە لە دەرکردنی بڕیاری «نیابەتی قەزایی» بۆ لێکۆڵینەوە لە بارمتەکە.