بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاست، لە بەندی ئەمنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گەڕێنراوەتەوە.

ئەم زیندانییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەرداندا (١٢ی ژوەن) دوای کەوتنە بەر ئەشکەنجە و لێدانی هێزەکانی زیندانی تارانی گەورە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواسترابوویەوە. لەم لێدانەدا ددانێکی شکاوە و قەفەزەی سینگ و لووتیشی بە قورسی بریندار بووە.

لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵاندا (١٥ی مەی) هادی ڕوستەمی لەگەڵ دوو هاوبەندییەکەی تریدا بە ناوەکانی مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کران. سەرەڕای ئەوەی بە مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەندیش ڕاگەیەنرابوو کە ئەگەر تێچووی گواستنەوەکەیان دابین بکەن ئەوانیش دەگەڕێنرێنەوە بۆ زیندانی ورمێ، بەڵام هێشتا هەر لە زیندانی تارانی گەورەدان.

دوابەدوای گواستنەوەی ئەم ٣ زیندانییە و بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەسەر جێبەجێکردنی حوکمی بڕینی پەنجەکانی زیندانییەک لە زیندانی تارانی گەورە لە ناوەڕاستی جۆزەرداندا (سەرەتای ژوەن)، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینی پەنجەکانی دەستی ٨ بەندکراو کرد.

هادی ڕوستەمی لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی مانگی مەی) لەگەڵ هاودۆسیەکەی تریدا بە ناوی مێهدی شاهیوەند بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەیاندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ زیندانی تارانی گەورە و نادیاربوونی چارەنووسیان لە زینداندا، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

هادی ڕوستەمی ٣٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە شاری ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.

ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.