تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) فەرەیدوون زاکری‌نەسەب، زیندانیی مەزهەبیی مانگرتووی کورد، لە بیست و یەکەمین ڕۆژی مانگرتندا بە دەستووری بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ئەم زیندانییە مەزهەبییەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕەوە (٣٠ی ژوەن) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.

دەوترێت ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ماوەی ٢٢ ڕۆژ مانگرتندا زیاتر لە ٦ کیلۆ کێشی دابەزیوە و زەختی خوێنیشی کە متر لە ٩ ڕاگەیەنراوە.

فەرەیدوون زاکری‌نەسەب لە وەرزشکارانی ناسراوی کۆنگفۆی پارێزگای کرماشانە کە لە جۆزەردانی ١٣٩٦دا (مەی ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان و تاران بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

ئەم زیندانییە مەزهەبییە بەبێ ئەوەی مافی دواریکردنی پارێزەری پێ بدرێت، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای ماوەیەک لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم لقێکی تری دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

دەوترێت منداڵەکەی ئەم بەندکراوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ساڵێکی تەمەن بووە، ئێستە لای دایە بەساڵاچووەکەیەتی. ناوبراو لەبەر نادیاربوونی چەندساڵەی چارەنووسی، بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و بارودۆخی منداڵەکەی لە دۆخێکی ڕۆحیی قورس و سەختدایە.