تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی پووشپەڕ (١٧ی جولای) فەرەیدوون زاکری‌نەسەب، زیندانیی مەزهەبیی مانگرتووی کورد، لە هەژدەیەمین ڕۆژی مانگرتن و لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. ئەم زیندانییە مەزهەبییەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕەوە (٣٠ی ژوەن) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتبوو.

دەوترێت ئەم زیندانییە مەزهەبییە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٦ کیلۆ کێشی دابەزیوە و تووشی کەمهێزییەکی جەستەیی قورس بووە.

فەرەیدوون زاکری‌نەسەب لە وەرزشکارانی ناسراوی کۆنگفۆی پارێزگای کرماشانە کە لە جۆزەردانی ١٣٩٦دا (مەی ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان و تاران بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

ئەم زیندانییە مەزهەبییە بەبێ ئەوەی مافی دواریکردنی پارێزەری پێ بدرێت، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای ماوەیەک لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم لقێکی تری دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

دەوترێت منداڵەکەی ئەم بەندکراوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ساڵێکی تەمەن بووە، ئێستە لای دایە بەساڵاچووەکەیەتی. ناوبراو لەبەر نادیاربوونی چەندساڵەی چارەنووسی، بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و بارودۆخی منداڵەکەی لە دۆخێکی ڕۆحیی قورس و سەختدایە.