بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەمە (٨ی مارس) زیندانییەکی خەڵکی گوندی «باراجۆق»ی ورمێ بە ناوی فەرهاد تەقیزادە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەست داوە.

ئەم زیندانییە ٤٧ ساڵەیە کە لە پێشترەوە نەخۆشیی لەگەڵ بووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەمە (٨ی مارس) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جەڵدەی دڵی کردووە و سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەکەی زیندان، بەڵام بە هۆی درەنگ ناردنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست، گیانی لەدەست داوە.

ئەم بەندکراوە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو.