ڕۆژی ڕابردوو نایب حاجیزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی سزادان لە بەندی ٢-١ی زیندانەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان (١ی ژوەن) نایب حاجیزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران ماوەی سزادانەکەی لە بەندی زیندانییانی تۆمەتبار بە «کوشتنی بەئەنقەست»دا تێدەپەڕێنێت، بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوەی خۆی لەو بەندەدا و بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە مەبەستی سزادان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ژووری تاکەکەسی لە حاڵێکدایە کە دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. نایب حاجیزادە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢١) بە هۆی نەخۆشینەوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو، بەڵام دوای نەشتەرگەریی هەڵە و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «نایب حاجیزادە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠دا بە هۆی دڕانی ناوەکیی زگەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار نەشتەرگەریی هەڵەی بۆ کرا. دوای گەڕاندنەوەیشی بۆ زیندان و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندوستیی بە درێژایی ئەم ماوەیە، کەچی بە هۆی ناڕازیبوونی بەرپرسانی زیندانەوە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە».

نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) لەسەر سکاڵای داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندان و مەسعوود کیا، ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندان، لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.