لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای تێکهەڵچوونی نێوان چەند بەندکراوێک لە بەندی ڕاوێژکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ، زیندانییەک بە ناوی عیرفان بەبریزادە بە چەقۆ کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند بەندکراوێکی تۆمەتبار بە «دزی» لە بەندی ڕاوێژکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ لێک هەڵپژاون و عیرفان بەبریزادە بە دەستی بەندکراوێکی تر بە چەقۆ کوژراوە.

ئەم زیندانییە ٢٦ ساڵەیەی خەڵکی ورمێ پێشتر بە تۆمەتی «دزی» دەستبەسەر کرابوو و سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بۆ دەرچووبوو.

دەوترێت هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کێشە لەسەر «پارەی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ناو زینداندا». زیندانییەکی تر بە ناوی ئەحمەد.پ  بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی عیرفان بەبریزادە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و دۆسیەیەکیش هەر بەم تۆمەتەوە کراوەتەوە و نێردراوەتە بەردەم دادگای ورمێ.