ڕۆژی دووشەممە ١ی گەڵاڕێزان (٢٣ی ئۆکتۆبەر) ٤٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی بەندی سەرووئەمنیی «ئیرشاد»ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی، ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان لە پێدانی ئازادیی مەرجدار و بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی و دانانی کامێرای چاودێری لە توالێتەکانی ئەو بەندەدا، مانیان لە خواردن گرت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە هەرهەموو ٤٤ زیندانییە سیاسییەکەی ناو بەندی سەرووئەمنیی «ئیرشاد»ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕۆژی دووشەممە ١ی گەڵاڕێزان (٢٣ی ئۆکتۆبەر) دوای دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی زینداندا ڕایانگەیاندووە کە بە نیشانەی ناڕەزایی لە نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی، ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان لە پێدانی ئازادیی مەرجدار و بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی و هەروەها دانانی کامێرای چاودێری لە توالێتەکانی ئەو بەندەدا، مانیان لە خواردن گرتووە.

سوڵتانی، بەرپرسیاری بەندەکە، هەڕەشەی لە زیندانییە سیاسییەکان کردووە کە ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن، بە هاوکاریی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناو زینداندا هەرهەموویان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن.

بەندی سەرووئەمنیی «ئیرشاد»ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) بە مەبەستی ئیزۆلەکردن و دابڕاندنی بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی دروست کرا. ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) ٤٥ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی ١٠ (هیدایەت)دا بوون، دوای ئەشکەنجە و لێدانی قورس لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە، گوازرانەوە بۆ ئەم بەندە سەرووئەمنییە.

ئەم بەندە ٤ ژووری هەیە و هەموو پێوەندییەکانی زیندانییەکانی لەگەڵ بەندەکانی تردا قەدەغە کراوە. هەروەها لە هەموو ژوورەکان و توالێتەکانیدا کامێرای چاودێر دانراوە کە چەندین جار ناڕەزایەتیی بەربڵاوی زیندانییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

لەبەر ئەوەی کە بەندەکە دەکەوێتە دەرەوەی بینای سەرەکیی بەندیخانەکەوە، زیندانییەکان بۆیان نییە هاتوچۆی نەخۆشخانەکەی زیندان بکەن و تەنها پزیشکی نەخۆشخانە چەند مانگ جارێک بۆ بەسەرکردنەوەی زیندانییە نەخۆشەکان سەردانی ناو بەندەکە دەکات. ئەو زیندانیانەیش کە نەخۆشیی جۆراوجۆریان هەیە، لە هەناردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکی بێبەش کراون.

زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانی ئەم بەندە هەروەها لەبەر ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە مافی پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراون.