ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە شاری کرماشاندا، منداڵێکی ١٦ ساڵان بە ناوی ئەمیرحسەین بەساتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

یەک لە نزیکانی ئەم منداڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) ئەمیرحسەین بە مەبەستی کڕینی کەلوپەلی نووسین چوو بۆ بازاڕ، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکاندا لە نزیک شەقامی مودەڕیس، لە مەودای نزیکەوە بە چەکی ساچمەزەن کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکەی بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ سەردانی بنکەی پۆلیس، زیندان و دادگایان کرد و هیچ شتێکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان دەست نەکەوت. بەڵام دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوویەوە کە پێکرانی منداڵێکی نیشان دەدا، بنەماڵەکەی تێگەیشتن کە ئەوە منداڵەکەی ئەوانە کە پێکراوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەزبەر (٢٩ی سێپتامبر) تەرمی ئەمیرحسەین بەساتی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە گوندی دارخۆری حەسەنئاوای شاری شاباد ئەسپەردە کرا».

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە چوار منداڵ بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ئەمین مەعریفەت، زەکەریا خەیاڵ و ئەمیرحسەین بەساتی بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت و بەسیج لە شارەکانی پیرانشار، گوندی بالۆی ورمێ، شنۆ و کرماشان کوژراون.

ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا تا ئێستە گەشتۆتە ٢١ کەس.