ئارمین شەریفە و هاوژین لەتیفی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، ئەمڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران. باوکی ئارمین شەریفە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسیویەتی: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا هاتنە سەر ماڵەکەی من ڕەزا شەریفە (خانەنشینی پەروەردە و فێرکاری) و ماڵەکەمیان پشکنی و ڕایانگەیاند کە حوکمی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەم ئارمین شەریفە و هاوسەرەکەی هاوژین لەتیفییان پێیە، ئەوان دوای پشکنینەکە دەستیان گرت بەسەر کەلوپەلە شەخسییەکانمان و لەوانە مۆبایل و چەند کتێبێک و ئارمین و هاوژینیان لەگەڵ خۆیان برد. بۆ خۆم سەردانی دەزگای ئیتلاعاتی سپام کرد و تەنها پێیان وتم کە تا ئێستە هەر لەژێر لێپرسینەوەدان و ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەکم لەسەر چارەنووسی ئارمین و هاوژین پێ بدەن».

ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی: «هەروەها بەو پێیە کە ئارمینی کوڕم شێرپەنجەی ڕژێنەی خانەکانی لەشی هەیە، هەرجۆرە هەڕەشە و سترێسێک مەترسی بۆ کوڕەکەم دروست بکات بەرپرسایەتییەکەی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ئیتلاعاتی سپا و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدایە».

چالاکی کرێکاری ئارمین شەریفە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەبەر چالاکییەکانی بانگهێشت، دەستبەسەر و زیندانی کراوە.