ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣١ی مەی) کەمال کەریمی، چالاکی کرێکاریی کورد، دوای ١٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم جالاکە کرێکارییە ڕۆژی ڕابردوو ٩ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوو و ئەمڕۆ چوارشەممە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

کەمال کەریمی ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) لەگەڵ ٧ چالاکی کرێکاریی دیکەدا بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵلا کەریمی، شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پێشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحموودی کە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە، سەردانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهییان کردبوو، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی گوڵان (١٨ و ١٩ی مەی) دوو چالاکی کرێکاریی دیکە بە ناوەکانی بورهان سەعیدی و ئێقباڵ شەعبانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

تا ئێستە سیروان مەحموودی، خەبات مەحموودی و ئێقباڵ شەعبانی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوان، بەڵام ٧ چالاکوانی کرێکاریی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرن.