بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی بەبێ ئەوەی مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت. هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرن.

ئەم مامۆستایانە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) و لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا دەستبەسەر کران.

ڕۆژی ڕابردوویش ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە لە بەیاننامەیەکدا باسی لە بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایانە کردووە: «مامۆستایانی شەریفی دیواندەرە، بەڕێزان ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، بە تاوانی چالاکیی پیشەیی توندی بەندیخانە کراون و دوای تێپەڕینی مانگێک هیچ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە لە لایەن دەزگای دادوەری و ئەمنییەوە بە بنەماڵە و هاوکارانیان نادرێتەوە».

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: «بەم شێوەیە داوا لە دەزگای دادوەری و ئەمنی دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ ئازادکردنی هاوکارەکانمان هەڵگرن و زیاتر لەمە گوشار نەخەنە سەر بنەماڵەکان و کۆمەڵگەی مامۆستایان و دەلاقەیەک بۆ پێوەندی و لێکتێگەیشتن بە کراوەیی بهێڵنەوە. ئەگەر وا نەبێت، ئەوا مامۆستایان و بنەماڵەی هاوکارانی بەندکراو بێدەنگ نابن و هەموو توانا ئەقڵانی و مەیدانییە یاساییەکانی خۆیان بۆ ئازادکردنی ئەم خۆشەویستانە دەخەنە گەڕ و ئەگەر بێت و دەستبەسەربوونی هاوکارانمان بەردەوام بێت، چارەیەکمان نامەنێت جگە لە بانگەوازکردن بۆ گردبوونەوە و مانگرتن هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان دەستبەسەر دەکەین. زۆر جیدی و پێداگرانە داوا لە دەزگای دادوەری دەکەین لەسەر بنەمای مافپەروەری و دادپەروەری بجووڵنەوە تاکوو هیوای خەڵک بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری زەبری بەر نەکەوێت. هۆشداری دەدەین ئەگەر دیسان دەنگمان نەبیسن و لە پشت دەرگا داخراوەکان و بەڵێنە پووچەڵەکانەوە دامانبنێن، مامۆستایانی ئەم شارە بۆ وەڵامدانەوە بە هەڵسوکەوتە نایاساییەکان چارەیەکیان نابێ جگە لە جووڵەی ناڕەزاییانە و مەیدانی و بێگومان لەم ڕێگایەدا هەموو هاوکاران، خزمان و تەنانەت مامۆستایانی ئێرانیش هاوڕێیەتیمان دەکەن و تا دەستبەسەرکردنی ئامانجەکانمان، شێلگیرانە درێژە بەم ڕێگایە دەدەین».

ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایان دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها چەند جارێک مۆڵەتی پێوەندیی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێ دراوە.

لە یەک مانگی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم چالاکە پیشەییانەی مامۆستایان لە لای دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانەوە و هەروەها کۆبوونەوە لە بەردەم دادگوستەریی ئەم شارەدا، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون لەسەر بارودۆخیان بە بنەماڵە و هاوکارانیان نەدراوەتەوە.