بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) لە ڕەوتی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و بنەماڵەی ٤ مامۆستای دەستبەسەرکراو لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری دیواندەرە، ٣ مامۆستا بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، کووروش بابامورادی و ئەسعەد عەلەوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

دوابەدوای بانگەوازی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بۆ بەڕێوەبردنی گردبوونەوەیەک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی ٤ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی ئەم شارە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، کاوە محەممەدزادە و پەرویز ئەحسەنی، لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممەوە هێزێکی بەربڵاوی ئەمنی لە شەقامەکانی دەوروبەری ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری جێگیر کرابوو و کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشابوو.

ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و بنەماڵەی ٤ مامۆستای دەستبەسەرکراو لە ڕێگای ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا کەوتنە بەر توندوتیژیی زمانیی هێزە ئینتیزامییەکانەوە و مۆڵەتی گردبوونەوەیان پێ نەدرا. هەروەها چەند کەسێک لە مامۆستاکان کە توانیبوویان لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا دیدار بکەن، لە کاتی چوونەدەرەوە لەم ئیدارەیە کەوتنە بەر لێدانی هێزە ئینتیزامییەکانەوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان ٣ مامۆستایان بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، کووروش بابامورادی و ئەسعەد عەلەوی دەستبەسەر کرد و گواستنیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کراوە. ئەم مامۆستایانە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا دەستبەسەر کران،