بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لوقمان ئەفزەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سنە، لە لایەن لیژنەی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە حوکمی «گۆڕینی شوێنی جوگرافیایی خزمەت بۆ شاری ئەردەبیل بۆ ماوەی دوو ساڵ»ی بەسەردا سەپاوە.

لیژنەی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە بنەماکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی»، «بەرهەمهێنان و هەناردنی هەندێ هێما بە ناوەرۆکی ستەمکاری و ئیستیبداد لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا» و «تێکدانی ڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە لە فەزای مەجازی و حەقیقیدا» ئەم حوکمەی دەرکردووە.

دەکرێت لە سەرچاوەی پیداهەڵچوونەوەدا تانە لە حوکمەکە بدرێت و داوای پیاچوونەوەی بۆ بکرێت.