بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست) بڕیاری دەستبەسەربوونی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی بۆ ماوەی یەک مانگی تر تازە کراوەتەوە.

ئەم ٤ مامۆستا کوردە بەبێ ئەوەی مافی دیاریکردنی پارێزەر یان دیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت، تا ئێستایش لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاندووە ئەم ٤ چالاکە پیشەییە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر زەخت و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندان.

ئەم مامۆستایانە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی دیواندەرە دەستبەسەر کران.  ئەوان دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لەم ماوەیەدا تەنها توانیویانە چەند جارێک بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بگرن.

بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەم چالاکە پیشەییانەی مامۆستایان و سەردانکردنی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان و هەروەها گردبوونەوە لە بەردەم دادگوستەریی ئەم شارەدا، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراوان بە بنەماڵە و هاوکارانیان نەدراوەتەوە.