لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی «سیوەچ»ی بانە بە ناوەکانی ئەحمەد غوڵامی و ڕەسوول عوبەیدی کە لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. هەروەها پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی عوسمان مەحموودی، فەرهاد ڕەحمانپوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بانگهێشت و بۆ چندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) هێزە ئەمنییەکان دوای گەمارۆدانی زەویی کشتوکاڵی ئەحمەد غوڵامی، مامۆستای زمانی کوردی لە گوندی سیوەچی بانە، ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. ئەم هێزانە هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دوای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتووە بەسەر ئۆتۆمبێل، مۆتۆرسیکلێت و کتێبەکانی ئەم مامۆستایەی زمانی کوردیدا.

ئەم هێزانە هاوکات و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دیگەی خەڵکی گوندی سیوەچ و دانیشتووی بانە بە ناوی ڕەسوول عوبەیدی و وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی ناو ماڵەکەیشدا گرتووە. ڕەسوول عوبەیدی پێستر بە تەقینەوەی مین قاچێکی پەڕیوە.

بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ڕۆژی ١٢ی گوڵان (٢ی مەی)، واتە ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی عوسمان مەحموودی، فەرهاد ڕەحمانپوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بانگهێشت و بۆ چندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە. ئەم پێنج هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای بانە، تا ئێستا لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.