دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سیوەچی خواروو»ی بانە بە ناوەکانی ئەحمەد غوڵامی و ڕەسوول عوبەیدی دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی جوارشەممە ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) ئەم دوو هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران. دوای تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک بەسەر گواستنەوەی ئەم دوو هاووڵاتییەدا بۆ زیندان، هەردووکیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دوای گەمارۆدانی زەویی کشتوکاڵی ئەحمەد غوڵامی، مامۆستای زمانی کوردی لە گوندی سیوەچی خوارووی بانە، ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کرد. ئەم هێزانە هاوکات هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دوای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتبوو بەسەر ئۆتۆمبێل، مۆتۆرسیکلێت و کتێبەکانی ئەم مامۆستایەی زمانی کوردیدا.

ئەم هێزانە هاوکات و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دیگەی خەڵکی ئەم گوندە و دانیشتووی بانە بە ناوی ڕەسوول عوبەیدی و وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی ناو ماڵەکەیشدا گرتبوو. ڕەسوول عوبەیدی پێستر بە تەقینەوەی مین قاچێکی پەڕیوە.

ڕۆژی ١٢ی گوڵان (٢ی مەی)، واتە ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی عوسمان مەحموودی، فەرهاد ڕەحمانپوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بانگهێشت و بۆ چندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کرابوو. ئەم پێنج هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کرابوون.