بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبر) تەرمی ژنی لاوی کورد ژینا (مەهسا) ئەمینی، لە زادگەکەی خۆی لە سەقز بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی لە گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە ئەسپەردەی خاک کرا. دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن، هاووڵاتییانی ناڕازی لە بەردەم قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارە گرد بوونەوە، بەڵام هێزەکانی یەکەی تایبەت هێرشیان کردە سەر ئەم گردبوونەوە هێمنانەیە و گرژی و تێکهەڵچوون ڕووی دا.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی برینداربوونی لانیکەم ١٥ هاووڵاتی بە چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی یەکەی تایبەت دەکەن. ١١ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی چوونەتە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری سەقز و ژمارەیەکی تریشیان لە ترسی دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان نەکردووە. دەوترێت دۆخی دوان لە برینداران بە ناوەکانی کیان درەخشان و پارسا سێحەت ناجێگیرە.

لە بەیانیی شەممەوە کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر شاری سەقزدا کێشاوە و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە مەیدانی زیندانەوە تا مەیدانی قودس بە چڕی بڵاوەیان پێ کراوە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی تری کوردستانەوە باس لە بانگهێشکردن و هەڕەشەی تەلەفۆنی لە چالاکە مەدەنییەکان دەکەن. هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر بەشداریکردن و بانگەوازکردن بۆ بەڕێوەبردنی هەرچەشنە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانە هۆشدارییان بە چالاکانی مەدەنی داوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکەی چالاکانی مافەکانی ژنان لە شاری سنە بۆ بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزاییانە لە مەیدانی ئازادیی ئەم شارە، هێزەکانی یەکەی تایبەت هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی هاووڵاتییان و چەندین کەسیان دەستبەسەر کرد. تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەنگی تەقە لە شەقامەکانی دەوروبەری مەیدانی ئازادی دەبیسرێت و دەوترێت کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر ئەم شارەدا کێشاوە.