بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زانیار محەممەدنژاد، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبر) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی بەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاراندا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

زانیار محەممەدنژاد دوای دەستبەسەرکران لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراوە و بە ئۆتۆمبێلێکی پاس لەگەڵ چەند هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکەدا بۆ شوێنێکی نادیاری دەبەن.

نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبر) ژینا (مەهسا) ئەمینی دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکانی نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبر) لە حاڵێکدا کە بۆ سەفەر چووبووە تاران لەبەر حیجاب لە لایەن «گەشتی ئیرشادە»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی گواستبوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی گەشتی ئیرشاد لە شەقامی وزەرای تاران. ناوبراو لەو دەستبەسەرگەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرابوو و دوو کاتژمێر دوای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەکە پزیشکەکان ڕایانگەیاند کە تووشی جەڵدەی دڵ و وەستانی مێشک بووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم ژنە لاوە، ژمارەیەک لە خزمانی و هەروەها هاووڵاتییان لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا و شەقامەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەکە گرد بوونەوە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کران.