ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) دوابەدوای بانگەوازی حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە، بانە، بۆکان، پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، دێولان، دیواندەرە، ڕوانسەر و مەریوان شوێنی کار و پیشەکانی خۆیان داخست و دەستیان دایە مانگرتنێکی بەربڵاو.

هاوکات لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژەوە لە شارەکانی کرماشان، سەقز، بۆکان، مەهاباد، دیواندەرە، کامێران، مەریوان، سنە، دێولان، قوروە، تیکاب، بیجاڕ و پاوە هاووڵاتییانی ناڕازی ڕژانە سەر شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارانە و خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوە برد.

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی ئەم شارانەدا دەستیان دایە سەرکوتکردنی توندوتیژکارانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی ئەم هێزانە لە جەماوەری ناڕازی، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موحسین محەممەدی لە دیواندەرە، فەرەیدوون مەحموودی لە سەقز و ڕەزا لوتفی لە دێولان کوژراون. هەروەها زیاتر لە ٨٥ کەس بریندار بوون و لانیکەم ٢٠٠ کەسیش لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون. لە نێو بریندارەکاندا لانیکەم ٣ منداڵ دەبینرێت. موحسین محەممەدی، خەڵکی دیواندەرە، دوای برینداربوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرا، بەڵام کەسانی نزیک لەم هاووڵاتییە ڕایانگەیاندووە کە لەبەر قورسبوونی برینەکان گیانی لەدەست داوە. هەروەها دەوترێت تەرمی فەرەیدوون ئەحمەدی کە بە تەقەی هێزەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان لە سەقز کوژرا، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەفای ئەم شارە.

شایەتحاڵەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت: «ڕۆژی دووشەممە بە هۆی بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییەکانەوە لە شارە جیاوازەکاندا و کەمبوونی هێزی سەرکوتکردن، هێزەکانی بەسیجی سپای پاسداران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا بەشدارییان کردووە».

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانی قورس لە لایەن هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەکانەوە، بریندار بوون یان ئەندامی لەشیان شکاوە، بەڵام بەبێ ئەوەی مافی خزمەتگوزاریی پزیشکییان بۆ دابین بکرێت، لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

دەوترێت دۆخی نەخۆشخانەکان لەم شارانەدا بەتەواوی ئەمنییە و هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان چاودێری و کۆنترۆڵی هەرجۆرە هاتوچۆیەک بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن و بریندارەکان دەخەنە ژێر لێپرسینەوە. هەروەها هێڵەکانی ئینتەرنێتی مۆبایل لە زۆربەی شارەکاندا بڕاوە و ئینتەرنێتی ماڵانیش تووشی کێشەی جیدی بووە.