لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو ژن لە شارەکانی ئیلام و دیواندەرە بە دەستی پیاوانی بنەماڵەکانیان کوژراون. ناسنامەی یەک لەم دوو ژنە، ڕۆژین عەزیمی، ١٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «ئاخکەند»ی دیواندەرە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوو ڕۆژ لەمەوپێش ژنێکی لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی گوندی «ئاخکەند»ی دیواندەرە بە ناوی ڕۆژین عەزیمی بە دەستی براکەی و بە چەکوش کوژراوە. دەوترێت هۆکاری ئەم کوشتنە «نامووسی» بووە.

هەروەها لە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەرداندا (٣ی ژوەن) فەرماندەی پۆلیسی ئینتیزامیی ئیلام ڕایگەیاند کە ژنێکی ٣٨ ساڵان بە دەستی باوکی و بە خشت کوژراوە. ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەم ژنە نەکرد و تەنها وتی کە باوکە ٦٨ ساڵەکەی دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ئەم پیاوە دوای دەستبەسەربوون، «دەمەقڕە و کۆنترۆڵنەکردنی تووڕەیی و کێشەی خێزانی»ی وەک هۆکاری کوشتنەکە ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠١دا لانیکەم ١٧ حاڵەتی ژنکوشتن لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕووی داوە. ئەم کوشتنانە لە لایەن هاوسەر، هاوسەری پێشوو، برا و برای هاوسەرەوە ئەنجام دراون.