بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٧ی جولایی ٢٠٢٣) کچێکی ١٥ ساڵان بە ناوی «زیلان ئەیوەز» لە گوندی «زێوە»ی شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە دەستی باوکی کوژراوە.

عەبدولسەلام ئەیوەز، باوکی زیلان، دوای پەلاماردان و لێدانی قورسی کچەکەی، دوو گوللەی پێوە ناوە و کوشتوویەتی، دوای کوشتنەکەیش خۆی ڕادەستی پۆلیسی ئینتیزامی کردووە. عەبدولسەلام ئەیوەز لە کۆنەوە پێشینەی توندوتیژیی زمانی و فیزیکیی لە ئاست ئەندامانی بنەماڵەکەیدا هەبووە و لە چەندین ساڵ لەمەوپێشەوە زیلانی لە قوتابخانە کێشابۆوە و نەیهێشتبوو درێژە بە خوێندن بدات.
لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (٢١ی مارسی ٢٠٢٣) زیلان حەوتەم ژنێکە لە کوردستاندا بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی دەکوژرێت.