بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٥ی ئۆکتۆبەر) ژنێکی لاو لە شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە دەستی باوکی کوژراوە.

ناسنامەی ئەم ژنە ترووسکە عەبدوڵڵازادە، ٢١ ساڵان، خێزاندار و دایکی دوو منداڵی ٨ و ٥ ساڵان، خەڵکی گوندی «کاسەگەران» و دانیشتووی شاری پیرانشار ڕاگەیەنراوە.

دەوترێت هۆکاری کوشتنی ئەم ژنە لاوە کە بە زەبری بنەماڵەکەی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا لەگەڵ کوڕەمامی هاوسەرگیریی کردبوو، «پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پیاوێکدا» بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، مامی کە هاوکات خەزووریشی بووە، لە کوشتنی ترووسکەدا هاودەستیی باوکی کردووە.

ترووسکە عەبدوڵڵازادە لە ڕێگای لێدان، خنکاندن و بەرکەوتنی ملی لەو لێدانە قورسەدا کوژراوە. تەرمەکەیشی گوازراوەتەوە بۆ پۆلیسی ئاگاهیی پیرانشار و باوک و مامی خۆیان ڕادەستی پۆلیسی ئینتیزامی کردووە، بەڵام تەنها باوکی دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ١٥ ژن و کچ-منداڵ لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە دەستی پیاوانی بنەماڵە کوژراون.