بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەژیر (ماردین) محەممەدخانی، خەڵکی دیواندەرە و خوێندکاری بەشی بیناسازیی زانکۆی موفەتێحی هەمەدان، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بانگهێشت کراوە.

بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیەی بۆ ئەم خوێندکارە نێردراوە، دانیشتنی دادگاکەی لە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزدا (١٠ی دێسامبر) بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە چالاکیی تێکدەرانەی نەزمی گشتیدا» بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزاندا (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای هەمەدانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٨ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.