شەوی ڕابردوو، سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبر)، سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی دۆخی قورسی هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ناوبراو دوای ئەم هەوڵە و لە حاڵێکدا کە لەسەر خۆی چووبوو براوەتە نەخۆشخانەی زیندان و دوای شتنەوە و پاککردنەوەی مەعیدەی و دانانی کانولا و سیرۆم، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بەتەواوی نەهاتبۆوە هۆش، سەرەتا براوەتە سویتی زیندان و پاش هۆشیاربوونەوەیش ڕەوانەی بەندی سیاسی لە هۆڵی ١٠ی بەندی ٤ی ئەم زیندانە کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سامان یاسین لە سێ حەفتە پێشترەوە کە بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو لەگەڵ سێ بەندکراوی دیکەی مەحکووم بە ئێعدامدا لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شار کرا، دوابەدوای لەسێدارەدانی موحسێن شکاری لە دۆخێکی زۆر قورس و دژواردا ڕاگیراوە. هۆکاری هەوڵی خۆکوشتنەکەیشی ناڕەزایەتی بووە لەم دۆخە سەختە و هەروەها لەو گوشارانەی لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرا و زووبەزووی حوکمی لەسێدارەدانی لە ئارادایە».

سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەت لە زیندانی ئێڤین و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی دەر کراوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لە خودی دادگاکەیشدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەو پارێزەرەیش کە هەنووکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دیاری کراوە، بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە تا ئێستا مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیە و دەسپێکردنی ئەرکی پارێزەریی پێ نەدراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە شوێنێکی بەرزەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.