ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ (١ی جولای) تەرمی مێهدی سادقی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئیلام، لە مەیدانی تەڕەبار (عەلوە)ی تاران دۆزرایەوە. ڕۆژی پێشووتری هەندێ هەواڵ لەسەر خۆکوشتنی ئەم هاووڵاتییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو ببووەوە، بەڵام خۆی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا ئەو هەواڵەی بە درۆ خستبۆوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە بەردەست نەکەوتووە و بنەماڵەکەیشی لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، تا ئێستا بێدەنگییان لێ کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە مێهدی سادقی ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) دوای کۆتاییهاتنی حوکمە ٦ مانگەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کراوە و دوای ئازادبوون چووەتە تاران و لە مەیدانی تەڕەبار (عەلوە)ی ئەو شارەدا دەستی بە کار کردووە. ڕۆژی هەینی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامەکەی و لەژێر ناوی «ماڵئاوایی جوانە؛ بەتایبەت ئەگەر دواهەمین بێت، بە هیوای ئازادبوونی ئێران» هەندێ هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر خۆکوشتنی لە مەیدانی ئازادیی تاراندا بڵاو کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بۆ خۆی ڤیدیۆیەکی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بڵاو کردەوە و هەواڵەکەی بە درۆ خستەوە.

ڕۆژی دواتر ١٠ی پووشپەڕ (١ی جولای) تەرمەکەی لە مەیدانی تەڕەبار (عەلوە)ی تاراندا لە لایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە و برایە پزیشکیی دادی تاران. ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕیش (٢ی جولای) تەرمەکەی برایەوە بۆ ئیلام و لە گۆڕستانی ئەم شارەدا و بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک ئەسپەردە کرا.

بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە

مێهدی سادقی ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلامدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەت ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە دوای ٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگەتی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا و ڕۆژی ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤامبر) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٩ی نۆڤامبر) لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی و وەک سزای تەواوکەریش ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا.

 هاوکات لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامیشدا دۆسیەیەکی تری بۆ کرایەوە و تۆمەتی وەک «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»، «تێکدانی ڕای گشتی» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»ی ڕووبەڕوو کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبرییە) بۆ دووهەم جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامەوە ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا. دواجار ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) و پاش کۆتاییهاتنی حوکمە ٦ مانگەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

ئەگەر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە؛

لە ئێران لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن: ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.