ڕۆژی ڕابردوو چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ و لەوانە فەرزاد سامانی و حامید قەرەئۆبڵاغی کە دوابەدوای کەوتنە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندان لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، دوای دوو ڕۆژ براونەتە بەندە تازە ئەمنییەکەی زیندان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەکی تر لە زیندانییانی سیاسی و لەوانە کەیهان موکەڕەم، کامران قاسمی و محەممەد هووشەنگی سەرەڕای برینداربوونیان بەو لێدان و ئەشکەنجەیە، هێشتا هەر بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا ڕاگیراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ٣ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی بە ناوەکانی سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ و نایب عەسکەری لە حاڵێکدا کە سەر، دەست یان سینەیان بە قورسی بریندار ببوو و شکابوو، لەم دوو ڕۆژەی دواییدا لە زیندانەوە گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

نزیکەی ٢٠ کەس لە زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ پاش ئەوە گوازرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی کە ڕووبەڕووی هێرشەکەی گاردی تایبەتی زیندان ببوونەوە کە بە مەبەستی گواستنەوەی سەرجەم زیندانییەکان بۆ بەندێکی تازەی ئەمنی کردبوویانە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی، لەم هێرشەدا زیندانییەکان کەوتنە بەر پەلامار و لێدانی قورسی ئەو هێزانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییانە لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندان سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ، باتوم و شۆکەری کارەبا هێرشیان کردە سەر زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی و چونکوو لە بەرانبەر ئەم گواستنەوەیەدا بۆ بەندە تازەکە بەرگرییان دەکرد کەوتنە بەر پەلامار و لێدانی قورسی ئەم هێزانە. ژمارەیەک لە زیندانییەکان سەرەڕای ئەوەی سەر، دەست یان سینەیان بریندار ببوو ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران. هەروەها کەلوپەلی زیندانییەکانیشیان بە دەستی ئەم هێزانە شێوێنرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە کە دۆخەکە بە شێوەیەکی ڕێژەیی هێمن بۆتەوە، ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە ژووری تاکەکەسی هێنراونەتە دەرەوە و ڕەوانەی بەندە تازەکە کراون: «بەڵام ژمارەیەکی تر لە زیندانییەکان هێشتا لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەییدا لە ژوورە تاکەکەسییەکان ڕاگیراون و لەسەر چارەنووسی ژمارەیەکی تریان کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براونەتە دەرەوەی زیندان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە».

دەوترێت موجتەبا محەممەدی، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ و تیمێکی نووسینگەی ناوزیندانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاتی هێرشکردن و پەلاماردانی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکاندا لەوێ بوون.

پێشتر لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ئەمساڵدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، سەرجەم ٤٧ زیندانییەکەی ئەم بەندە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەم بڕیارەدا مانگرتنی بەکۆمەڵیان ڕاگەیاندبوو. ئەوان سەرەتا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندانیان وەرنەگرت و پاشان بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. زیندانییانی مانگرتوو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی زیندان و وەرگرتنی بەڵێن بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان و هەوڵدانی ناوبراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو.

بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێنەکەی سەرۆکی زیندان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندە ئەمنییە تازەکە کە بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا ڕووبەرێکی بچووکتر و خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا، سیستەمەکانی کۆنترۆڵ و پارازیتی ئەم بەندە توندوتۆڵتر و قورسترە.

ناونیشانی ٤٧ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی ئەم بەندە بەم جۆرەیە: سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، مەحیەدین تازهوارد، داوود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرافەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حسەین عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕەشۆزاده، کامران قاسمی، کامیل سیدان مەسکەن، ئەنوەر چالشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حسەین‌پوور، خەسرەو زەڕستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلی‌محەممەد مەشکوه، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەنده، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حسەین‌زاده، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن‌بەر، هیدایەت سڵێمان‌زاده، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، حامید قەرەئاغڵانی، سەردار ئوزمەش، محەممەد بیرداڵ، ساکار عەینی، محەممەد هووشەنگی، فەرزاد سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مێهدی سانع فەرشی.