ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە چەند زیندانیی کوردی سوننە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەژێر مەترسیی لەسێدارەداندان.

لە بەیاننامەکەی ئەم ڕێکخراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤدا هاتووە: «دوابەدوای کۆمەڵە دادگاییکردنێک کە هەر لە بنەڕەتەوە ناداپەروەرانە بوون و دادوەر مۆڵەتی بەرگریکردنی بە پارێزەرەکان نەداوە، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» و تۆمەتی پێوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر ئەم کەسانەدا سەپاند. ئەم حەوت کەسە دوای دەستگیربوون لە نێوان ناوەڕاستی سەرماوەزی ١٣٨٨ـەوە تا سەرەتای ڕێبەندانی هەمان ساڵدا لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ و تۆمەتی ئەندامبوون لە «گرووپە سەلەفییەکان»یان ڕووبەڕوو کرایەوە، تۆمەتێک کە هەرهەموویان نکۆڵیی لێ دەکەن».

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاماژەی کردووە بە چەندەها نموونەی پێشێلکردنی جیدیی ڕێساکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەی ئەم کەسانەدا و داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە «حوکمی مەحکوومبوون و سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییانە هەڵبوەشێننەوە و دەرفەتێک بۆ دادگاییکردنی دووبارە و دادپەروەرانەیان بەبێ پەنابردن بۆ سزای لەسێدارەدان بڕەخسێنن».

ئەم ڕێکخراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی داوەتە ئەشکەنجەکردنی ئەم زیندانییانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی لێپرسینەوەدا لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات کە ٤ کەسیان لە دووتوێی نامەی سەرئاوەڵادا باسیان لێ کردووە و جەختی کردۆتەوە کە لە ڕەوتی دادگاییکردنی دووبارەدا دەبێ واز لە «دانپیانانەکان» بهێنرێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون و بەرپرسە دادوەرییەکان دەبێ دڵنیا ببنەوە سکاڵاکان لەسەر ئەشکەنجەدانی ئەم زیندانییانە بە شێوەیەکی کاریگەر و سەربەخۆ دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و ئەو کەسانەی مەزەندە دەکرێت دەستیان لەم ئەشکەنجانەدا هەبووبێ، لە دادگاییەکی دادپەروەرانەدا دادگایی دەکرێن.

دەتوانن دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێننەوە: